ڕۆژوو؛ سەمفۆنیای ڕوحی باوەڕدار

ڕۆژوو؛ سەمفۆنیای ڕوحی باوەڕدار

بێگومان جوانترین دیمەن کە مرۆڤی باوەردار تووشی دەبێ ئەم دیمەنە ناوازەیە کە بەکڕووزانەوە و لاڵانەوە لە دەرگەی قاپی ڕەحمەتی پەروەرێن گۆڕانی ناوەکی بۆ دروست دەبێ.! لەڕاستیدا دۆخی گرنگی ژیانی حزووریانە لەژێر سێبەری گریانی پڕ لە دەرد و داخ و پارانەوە و نزای بە کوڵی ئیماندار؛ دەبێتە هۆکاری ئاوڕدانەوەیەکی بەتاسەوە لەلایەن پەروەرێنی بێهاوتا، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی هەنگاوەکانی بەندەی خۆی دەبێ تا بەو پەڕی ڕێز و خۆشەویستی بەرەوڕوویی بێت، ئاخۆ مرۆڤی باوەردار چەندە گەورەیە کە خوای گەورە و دڵۆڤان دڵخوازی لێخۆشبوونی بەندەکەیەتی، بەدڵنیاییەوە ئەم هەموو ڕێز و خۆشەویستییە واتای شەرەف و شکۆی مرۆڤە لای خوای گەورە.!

ڕۆژوو؛ سەمفۆنیای ڕوحی باوەڕدار

نووسەر: عەبدووڵڵا عەلیپوور

 

بێگومان جوانترین دیمەن کە مرۆڤی باوەردار تووشی دەبێ ئەم دیمەنە ناوازەیە کە بەکڕووزانەوە و لاڵانەوە لە دەرگەی قاپی ڕەحمەتی پەروەرێن گۆڕانی ناوەکی بۆ دروست دەبێ.! لەڕاستیدا دۆخی گرنگی ژیانی حزووریانە لەژێر سێبەری گریانی پڕ لە دەرد و داخ و پارانەوە و نزای بە کوڵی ئیماندار؛ دەبێتە هۆکاری ئاوڕدانەوەیەکی بەتاسەوە لەلایەن پەروەرێنی بێهاوتا، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی هەنگاوەکانی بەندەی خۆی دەبێ تا بەو پەڕی ڕێز و خۆشەویستی بەرەوڕوویی بێت، ئاخۆ مرۆڤی باوەردار چەندە گەورەیە کە خوای گەورە و دڵۆڤان دڵخوازی لێخۆشبوونی بەندەکەیەتی، بەدڵنیاییەوە ئەم هەموو ڕێز و خۆشەویستییە واتای شەرەف و شکۆی مرۆڤە لای خوای گەورە.!
بێگومان لەم سەردەمی نا ئارامی و دڵەڕاوکێیەدا پەناگەیەک بۆ ڕوحی ماندووی مرۆڤ پێویستە بۆ دابرانێکی کاتی لە هەرای دەنگە ناسازەکان تا بەخەڵەوتێکی کورتی بەخۆداچوونەوە و بە موناجاتێک و پیاسەیەکی عاریفانە و بێدەنگ لەگەڵ یاری نازەنین بەکزی و نادیاری وەک ئەستێرەیەک کزکز لە تاریکی شەودا دابگیرسێ و بکوژێتەوە،! بەدەربڕینێکی تر دەکرێ ئەوە بڵێین تا زیاتر بڕۆیتە قوڵایی ژیان لە خزمەتی پەروەرێن زیاتر شکۆی خۆمان دەبینین… بەڵێ مرۆڤ گەورە و پیرۆز و خاوەن شکۆیە لای خودا و دروستکراوەکانی خوداش، مەخابن! بیر و هزری مرۆڤ کەمتر هەست بەم پلەیە دەکات زۆر جار یان نامانەوێ هەست بەم نرخ و بەهایە بکەین، داختر ئەوەیە زۆر جار مرۆڤایەتی خۆی پێگەی خۆی لە دەست داوە بە جێبەجێ نەکردنی ڕۆڵی مرۆڤبوون و جێنشین بوونی خۆی، هیوادارین ئەو قورسای و سەنگەی خودا پێی داوین بیپارێزین و سوپاسی لەسەر بکەین و هەردەم ئازیز خۆمان بهێڵینەوە. پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: (يستجاب لأحدكم ما لم يعجل يقول دعوت فلم يستجيب لي). واته: خوای گەورە وەڵامی نزا و پارانەوەکانتان دەداتەوە و قبوڵی دەکات، تەنها لەو کاتانە نەبێت کە “بەندە” پەلە بکات لە وەڵامدانەوەی و بڵێت: پارامەوە لە خوای گەورە بەڵام وەڵامی نەدامەوە).رواه البخاري ومسلم
لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بنەما ئەمەیە کە مرۆڤ لە خودی خۆیدا مەخلوقێکی پاکە و گوناهـ شتێکی لاوەکییە بە سەریدا دێت، ئیدی ئەوەندە بەسە پەشیمان ببێتەوە و بگەڕێتەوە سەر ڕێگەی ڕاست و ڕوحی بریندار چارەسەر بکات. لە ڕاستیدا دڵ و دەروون و ڕوح و گیانی ئاسوودە باشترین و گرنگترین دەسکەوتی گرانبەهای مرۆڤە. هەموو هەوڵ و تێکۆشان و لێبڕان و ڕەنجی مرۆڤیش لە ژیانی ئەم دونیایەدا، بۆ دەستخستنی ئەم گەوهەرە نایاب و دەگمەن و بەنرخەیە. لە ڕاستیدا ڕوحی مرۆڤ هەر وەک جەستەی بریندار دەبێ، بریندار بوونی ڕوحیش بریتییە لە گوناهکردن، هەموو گوناهکردنێک برینداربوونی ڕوحە. بەڵام ئایا برینەکانی ڕوحیش وەک برینەکانی جەستە ئەگەر لێی پیس نەکەن و لەدەست دەر نەچن، ساڕێژ دەبن و چاک دەبنەوە، ئەگەر رێگەی خوێ بگرینە بەر و دەرمانی تایبەت بەخوێ بەکار بهێنین؟ وڵامی ئەو پرسیارە بە گوتەی ڕوحناسان و شارەزایانی دەروونناسی بەڵێ-یە! بە مەرجێک دەرمانی خوێ بۆ بەکار بهێنین، دەرمانی چاک کردنەوەی ڕوحی برینداریش دوعا و مناجات و پاڕانە و لاڵانەوەلە بارەگای خوایه. جا ئاوەدانکردنەوەی ئەو ئایندەیە و وەدەستخستنی سەقامگێری و ئاسوودەیی ڕوح، لێرەوە بەدەست خۆمانە و هۆکارەکانیش ڕوون و ئاشکران. سەرەتا دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ کە ئێمە میوانین و میوان دەبێ لەو سنوورە لانەدا و نەترازێ کە خاوەن ماڵ بۆی دیاری دەکات و لەو کارانەش خۆی نەدزێتەوە کە بۆی دیاری کراوە. چونکە ئەنجامدانی ئەرکەکان بە قازانجی تەواو دەبێ. بۆ نموونە خوای گەورە فەرمانی بە ئەنجامدانی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان داوە، پێویستە جۆرێک ڕۆژوو بگرین کە پاڵنەرمان بێ بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە چاکەیەک و له لە هەموو گوناه و خراپەیەک ڕێگریمان لێ بکات. ڕۆژوو هەلێکی زێڕین و دەرفەتێکی بەنرخە کە لە ژیانماندا بیکەین بە گۆرەپانێکی پیرۆز بۆ خوا پەرەستی و چاکەکاری، و هەوڵ بدەین ساتێکی بە غەفڵەت و بێهودە بەسەر نەبەین. مانگی پیرۆزی ڕەمەزان باشترین کاتی زێڕینە بۆ ژیانەوە و ئارامی و ئاسودەیی ڕوح. بەڕاستی دوعا و موناجات و پاڕانەوە لە ساتە نوورین و عیرفانێکانی بەربانگ و سەحەردا، باخچەی دڵە زیندووەکانە، جێگای به‌رز بوونەوەی ڕۆحەکانە، زیندووکەرەوە و ژیانبەخشی کانیاوی فرمێسکی چاوەکانە، گریان لەبەر خۆشەویستی خوا، ڕشتنی فرمێسکی پەشیمانی و بەچەند دڵۆپێک لە ئەوین لە خزمەت خوا گیان.
“إن الله جميل يحب الجمال”
خودا خۆی تاکە سەرچاوەی جوانییە، هەر بۆیە خۆشی جوانی خۆش دەوێت، بە دەربڕینی عاریفانە، خوا عاشقی جوانی خۆیەتی! جوانییش وەک هەر سیفەتێکی دیکەی خودا لە جیهانەکاندا، جیهانی مرۆڤ، ئاژەڵ، ڕووەک، گەردوون و… تەجەلای کردووە و دەرکەوتووە. هەر بەمەش هەرچی جوانییەک هەیە بە هۆی دەرکەوتن و تەجەلای جوانی خوداوەیە دەرکەوتووە و شتەکان هەموو لێرە جوان دەردەکەون و ئێمە بەریان دەکەوین. یاسایەکی گەردونی لە عیرفاندا هەیە “لەهەر شوێنێک جوانی هەبێت مەستی هەیە و لەهەر شوێنێک مەستی هەبوو عشق هەیە”. لەسەر ئاستی جیهانبینی، عاریفەکان دەیانەوێت هەستێکی جوانیناسیمان پێبدەن و چێژێکی وجودی لە جوانی هەبووەکان وەربگرین. لەسەر ئاستی ئەزمونی تاکە کەسییدا عاشقانە و مەست مامەڵە بکەین و لەسەر ئاستی گشتی ڕێزی جیاوازییەکان بگرین، چونکە هەرچی جیاوازی هەیە، چونکە لەخواوە سەرچاوەی گرتووە “جوان” و “باشە”. جیاوازییەکان دەبێت هۆکاربن بۆ پێکەوە ژیان چونکە یاسای ژیان لەسەر جیاوازییەکان دامەزراوە، نەک سەرچاوەی نەهامەتییەکان بن.
یەکێک لە سیفاتە جوانەکانی باوەڕدارانە {یبکون و یزیدهم خشوعا} هەر چاوێک فرمێسکێک بۆ خوا بڕێژێ هەرگیز بە ئاگری دۆزەخ ناسووتێ وەک لەفەرموودەدا هاتووە و نیشانەی تەواوی ئیمانە. هەر ئەو فرمێسکانەیە کە ڕوح زیندوو دەکاتەوە و گوناهەکان دەشواتەوە و ئاگری دۆزەخ لە ئاستی باوەڕداردا دەکۆژێنێتەوە. بۆیە لەکاتە زێڕینەکانی شەوانی قەدر و بەتایبەت بەربانگ و سەحەر و شەوەکانی تر، ساتانێکی باشن بۆ زیندووکردنەوەی کانیاوی چاوەکانمان. تا بەو فرمێسکانە دڵە ڕەقەکانمان نەرم ببنەوە و بە ڕاستی تام و چێژی بەندایەتی بکەین.
بە دەربڕینێکی دیکە دەتوانین ئەوە بڵێین کە: سەحەر(پارشێو) کاتێکی زۆر پیرۆزە بۆ لاڵانەوە و دوعا و موناجات، بێدار بوون و داوای لێ خۆشبوون کردن لە خزمەت خوا، سوننەتێکی گەورەی پێغەمبەرمانە درود و سەلامی خوای لەسەر بێت، خوای گەورە لەو ساتە زێڕین و ناسکەدا دەفەرمووێ: کێ هەیە داوای لێ خۆشبوون بکات تا لێی خۆشبم. لە قوڕئانی پیرۆز بە ڕوونی باس لە گەورەیی و مەزنی ئەو ساتە کراوە، وەک لە وەسفی باوەڕداراندا دەفەرموێ: {و بالٲسحار هم یستغفرون}، بەڵام بەداخەوە هەستان و خەوتنمان وایکردووە که کات و ساتە زێڕینەکان لە یاد بکەین و تەمەڵی بنوێنین لە ئاستیدا، دەکرێ لە ڕەمەزاندا خۆمان بکەین بەیەکێک لە بیدارانی سەحەر و لەگەڵ “پارشێودا” چەند ساتێک تایبەت بکەین بە پاڕانەوە و دوعا و موناجات، چونکە لە ژێر تیشک و ڕووناکی لاڵانەوە و پاڕانەوەدا مرۆڤ خۆی لە شوێن و جێگەیەکدا دەبینێتەوە، لەگەڵ گەورەترین سەرچاوەی ڕەحمەت و بەرەکاتی وجوود و هەستیدا کە خوای میهرەبانە. هەروەها بە قەناعەت و تامەزرۆیانەوە خۆی لە پەیوەندییەکی عاشقانە و خۆشەویستیانەدا دەبینێتەوە لەگەڵ خوای میهرەبان و ڕۆح لە تەنیایی و بێکەسی دەرباز دەبێ.
وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ ۖ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ (ئه‌ی موحەممەد(صلی الله علیه وسلم) ئه‌گه‌ر به‌نده‌كانم پرسیارت لێبكه‌ن ده‌رباره‌م، ئه‌وه من نزیكم لێیانه‌وه‌، به هانا و هاوار و دوعا گۆیانه‌وه ده‌چم هه‌ر كاتێک لێم بپاڕێنه‌وه‌و نزا بكه‌ن، ده‌با ئه‌وانیش به‌ده‌م بانگه‌وازی منه‌وه بێن و باوه‌ڕی دامه‌زراو به من بهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای هۆشیاری و ئاگایی بگرنه‌به‌ر (بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی هه‌ردوو جیهان).
خەڵوەتگیری لە سێیەکی شەودا، ڕووکردنە موناجات و پاڕانەوە و فرمێسک باراندن و یەکلاکردنەوەی دڵ و ڕۆح بۆ خۆشویستنی خودای پەروەردگار و دووپاتکردنەوەی بەندایەتی خۆت بە وتوێژ و موناجات بە گەردنکەچی و ملکەچیەوە بریتیە لە تەعبیر کردنێکی ڕاستگۆیانە لەوەی کە نواندی موحتاجی و لاوازی و هەژاری بۆ خوای گەورەیە، کە ئەمەش بە پاکترین بەندایەتی بۆ خوای گەورە دێتە ئەژمار.
دین بریتیە لە ژیان بۆ خوا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو، بۆیە ئەوەی لە خوا نەپاڕێتەوە و داوای لێ نەکات و خۆی بە موحتاجی خوا نەزانێ و پێویستی بە ئەو نەبێ، ئەوە بەڕاستی خوای نەناسیوە و موماڕەسەی بەندایەتی لەشێوە ڕاستەقینەکەیدا نەکردووە، کە مانای فەقیری و ملکەچ و گەردەنکەچی تەنها بۆ خوای میهرەبانە لە هەمووشتێکدا. بەڵێ دوعا بریتیە لە کرۆکی عیبادەت و ڕۆحیەتی. پێغەمبەری خۆشەویستﷺ کە دەفەرموێ: «اِنَّ الدُّعا هُوَ العباده» کاتێک بەندە غافڵ دەبێ لە خوای خۆی، ئەو کاتە دڵ و دەروونی قورس و گران ئەبێ و سنگی تەسک و توند ئەبێ و دڵگران و تەنگەنەفەس ئەبێ، بەوەی کە کەوتۆتە حاڵێکی خراپەوە و لە دەروون و نەفسی خۆیدا غەرق و نوقم ئەبێ و دەکەوێتە داوی شەیتانەوە.
بۆیە پێویست بە چەند ساتێک دەکات تاوەکوو دڵ و دەروون و نەفسی پاک ئەکاتەوە، بۆیە لەو ساتانەدا بچێتە حوزووری خوای پەروەردگاری، بە پاڕانەوە و موناجات کە بێ بە هاواریەوە و یارمەتی و هاوکاری بکات لە کۆسپ و تەگەرە و تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانیدا. ئەگەر هاتو ئەو کەسە بە ڕاستگۆیانە و ئیخلاس داوای لە خوای خۆی کرد ئەوە خوای میهرەبانیش ڕەحمەت و سۆز و بەزەیی و بەرەکەتی خۆی ئەڕژێنێ بەسەریدا و شیفای دڵ و ڕۆحی ئەدات.
لە کۆتاییدا دەڵێن: با بە ئەنجامدانی ئەو فەڕزە پیرۆزە و فەڕزەکانی تر، سەرجەم ژیانمان بکەین بە گۆڕەپانێکی پیرۆز بۆ خوا پەرەستی و چاکەکاری، هەوڵ بدەین تاقە ساتێک یش بە غەفڵەت و بێهودە بەسەر نەبەین، چۆنکه‌ بەڕاستی ژیان هەلێکی زێڕین و دەرفەتێکی بەنرخە کە ئەگەر له پێناو گەیشتن به ڕەزامەندی خوادا بەسەری بەرین، ئەوە قازانجەکەی لەوپەڕی مسۆگەری دایە و هەرگیز زیان و ئافات ڕووی تێ ناکات.

تێبینی:
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم وەرگرتووە لە وتارەکانی بەڕێز ئەبووبەکر عەلی، مامۆستا شەماڵ موفتی، تەحسین حەمە غەریب