ئاشکرایە خێزان دێرینترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتییە و کاریگەرترینە لەسەر ژیانی تاک، کە بەدرێژایی مێژوو شەریعەت و یاساکان و ئاینە ئاسمانییەکان گرنگی زۆریان پێداوە و پرەنسیپی تایبەت بەخۆی بۆ دیاری کراوە.
ئافرەت لە ئاوێنەی ئیسلامدا نووسەر: هەژار قوربانی وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِىٓ ءَادَمَ / سوێند بهخوا بهڕاستی ئێمه ڕێزمان له نهوهی ئادهم گرت. بە یارمەتی خوای پەروەردگار دەنگ و باسێک دەکەین لەسەر جێگە و پێگەی ئافرەت لە ئاوێنەی ئیسلامدا. بێگومان هەموومان دان بەو ڕاستییەدا دەنین کە، ئافرەت نیوەی کۆمەڵە و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە مانەوە و پەرەپێدانی مرۆڤایەتی و ڕاهێنان و بارهێنانی چین و توێژی داهاتوو؛ ئەگەر ئافرەت نەبێت ژیان و ژینگە و درێژەدانی ژین دەوەستێ. ئەگەر چاو خشاندنێک بکەین بۆ سەر مێژووی مرۆڤایەتی و قسە لە گۆڕانکاری و داهێنان و ڕاپەڕین و هەر جۆرە وەرچەرخانێک بکەین ناتوانین ڕۆڵی ئافرەت لەبەر چاونەگرین، واتە ناتوانین دەوری بەرچاو و هەنگاو بە هەنگاوی ئافرەت لەگەڵ پیاوان و حەوڵ و تێکۆشانیان بەسەر هەوراز و نشێوەکاندا، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خەبات و جێ پەنجەیان دیاری نەکەین.