فەلسەفەی خێزان لەنێوان کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کۆن و نوێدا

فەلسەفەی خێزان لەنێوان کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کۆن و نوێدا

ئاشکرایە خێزان دێرینترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتییە و کاریگەرترینە لەسەر ژیانی تاک، کە بەدرێژایی مێژوو شەریعەت و یاساکان و ئاینە ئاسمانییەکان گرنگی زۆریان پێداوە و پرەنسیپی تایبەت بەخۆی بۆ دیاری کراوە.

فەلسەفەی خێزان لەنێوان کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کۆن و نوێدا

نووسەر: مامۆستا چیا ئیسماعیل

ئاشکرایە خێزان دێرینترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتییە و کاریگەرترینە لەسەر ژیانی تاک، کە بەدرێژایی مێژوو شەریعەت و یاساکان و ئاینە ئاسمانییەکان گرنگی زۆریان پێداوە و پرەنسیپی تایبەت بەخۆی بۆ دیاری کراوە.

بەڵام بەهۆی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە زۆرێک لە وەزیفەکانی خۆی لە دەست داوە کە پێشتر ئەنجامی دەدان، بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە: ئیتر خێزان گرنگ نییە و کۆمەڵگە پێویستی پێی نەماوە و مرۆڤ دەتوانێ لە دەرەوەی خێزانیش ژیانێکی هاوسەنگ بۆ خۆی دابین بکات؟

لێرەدا ڕاجیاییەک دروست بووە لەنێوان بیریار و فەیلەسوفەکان و دابەش بوون بۆ دوو بۆچون:

بۆچونی یەکەم/
پێیان وایە لەوکاتەوەی وەزیفەی دەوڵەت فراوان بووە لە کۆمەڵگەدا ئیتر خێزان پێویستی بوونی نەماوە و بەرەو لەناوچوون دەچێت، مەرج نییە وەزیفەی بیۆلۆجی و پاراستنی جۆری مرۆڤایەتی خێزان پێی هەستێ، خاوەنی بیردۆزەی گەشەکردن (سبنسر و مۆرگان و کارڵ مارکس و انجلز) بانگەشەی ئەم بۆچونە دەکەن، بەڵگەشیان ئەوەیە لە کۆندا وەزیفەی خێزان زۆر فراوان بووە و هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری گرتۆتەوە، بەڵام هێواش هێواش کۆمەڵگە وەزیفەکانی لێ سەندۆتەوە.

نموونەشیان ئەوەیە لە سەردەمی نوێدا دامەزراوەی پەروەردەیی هەن لە ڕووی ئایینی و فکری و ئەخلاقییەوە مناڵ پەروەردە دەکەن، وەک چۆن خوێندنگە و زانکۆکان ئەرکی فێرکردن لە ئەستۆ دەگرن، کارگەکانیش کەلوپەل و پێداویستییەکانی تاک دابین دەکەن کە پێشتر خێزان خۆی دابینی دەکردن.

سبنسر دەڵێ: خێزان تەنها توێکڵێکە و فشار دەخاتە سەر تاک. هەروەها ئاندری جێنز فەیلەسوفی فەرەنسی دەڵێ: خێزان بەندیخانەیەکی تاکە کەسییە، هەروەها خاوەنی ئاراستەی سۆشیالیستی لەسەروشیانەوە (مارکس و ئانجلز) پێیان وایە کۆمەڵگە چاودێری و خزمەتی یەکسان پێشکەشی مناڵ دەکات، بە ڕای (باکۆنێن) خێزان تاک پاوان دەکات و لە خۆیدا دەیتوێنێتەوە، ڕێ نادات بە ئازادی بژی و ناهێڵێ بەڕووی گۆڕانکارییەکاندا بکرێتەوە، بۆیە ئیتر بوونی پێویست نییە.

بۆچوونی دووەم:
خاوەنی ئەم بۆچونە دەڵێن کە: خێزان بەردی بناغەی کۆمەڵگەیە و دەبێت پارێزگاری لێ بکرێت، تاکەکان بە سروشتی خۆیان دەخوازن لەناو خێزان ژیان بکەن، بۆیە ناتوانن بەدەر لە خێزان تەنها ئەندامی کۆمەڵگە بن، و هیچ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ناتوانێ جێی بگرێتەوە.
(ئۆگەست کۆنت) دەڵێ: کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە خێزانەکان پێک دێت نەک لە تاکەکان، (دۆرکایمیش) دەڵێت: ئێمە لە خێزاندا چێژ لە ژیان وەردەگرین لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن.

ئاینیش بە تووندی پشتگیری ئەم بۆچوونە دەکات بەو پێیەی هەندێ لە وەزیفەکانی خێزان ناکرێ لە دەرەوەی خێزان مومارەسە بکرێ، وەک: وەزیفەی زۆر بوون و تێرکردنی غەریزە سێکسییەکان کە، لە ڕوانگەی ئایینەوە تەنها و تەنها دەبێ لەناو خێزاندا ئەنجام بدرێت، لێرەوە واز هێنان لە خێزان کۆمەڵگەیەکی ئاژەڵی دێنێتە کایە و یاسای دارستان بەرقەرار دەبێت.

خاوەنی ئەم بۆچونە دەڵێن خێزان ئەگەر چی هەندێ لە وەزیفە تەقلیدییەکانی لە دەست داوە، بەڵام کۆمەڵێ وەزیفەی سەرەکی گرنگی هەن کە ناتوانرێ نکۆڵیان لێ بکرێت وەک: وەزیفەی بیۆلۆجی و بەخێوکردن و پەروەردەیی و دەرونی و پاراستن و ڕێنمایی….هتد

هەروەها زانایانی بواری دەرونناسی بوونی خێزان بە پێویست دەزانن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی دەرونیی تاک و پێیان وایە گەشەی مناڵ لەناو خێزاندا گەشەیەکی تەندروستە، تەنانەت ئەو دایکانەی بایەخ بەماڵ نادەن بەڵام سۆز و خۆشەویستی زۆر بە مناڵەکانیان دەبەخشن، بۆیە (مارگرێت مید) ژنە زانای ئەمریکی دەڵێت: خراپترینی خێزانەکان باشترن لە خۆشترین دایەنگا و باخچەکانی مناڵان.

لە کۆتاییدا دەپرسین ئایا ئەو دەنگانەی بانگەشەی لەناوچونی خێزان دەکەن و بونی بە پێویست نازانن، دەتوانن پێشبینی ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکەن لە غیابی خێزان چۆن دەبێت؟ وە ئەو مەترسی و دەرهاویشتە نەرێنیانەی کە داڕمانی سیستمی خێزانی بەدوای خۆیدا دێنێ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی و تەندروستی و ئاسایشەوە چین؟

سەرچاوە: فەیسبووک