فەلسەفەی خێزان لەنێوان کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کۆن و نوێدا
ئاشکرایە خێزان دێرینترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتیە و کاریگەرترینە لەسەر ژیانی تاک، کە بەدرێژایی مێژوو شەریعەت و یاساکان و ئاینە ئاسمانییەکان گرنگی زۆریان پێداوە و پرەنسیپی تایبەت بەخۆی بۆ دیاری کراوە.
بەڵام بەهۆی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە زۆرێک لە وەزیفەکانی خۆی لەدەست داوە کە پێشتر ئەنجامی دەدان، بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کەئیتر خێزان گرنگ نیە و کۆمەڵگە پێویستی پێی نەماوە و مرۆڤ دەتوانێ لەدەرەوەی خێزانیش ژیانێکی هاوسەنگ بۆ خۆی دابین بکات؟
لێرەدا ڕاجیاییەک دروست بووە لەنێوان بیریار و فەیلەسوفەکان و دابەش بوون بۆ دوو بۆچون:
بۆچونی یەکەم:
پێیان وایە لەوکاتەوەی وەزیفەی دەوڵەت فراوان بوە لە کۆمەڵگەدا ئیتر خێزان پێویستی بونی نەماوە و بەرەو لەناوچون دەچێت، مەرج نیە وەزیفەی بیۆلۆجی و پاراستنی جۆری مرۆڤایەتی خێزان پێی هەستێ، خاوەنی بیردۆزەی گەشەکردن (سبنسر و مۆرگان وکارڵ مارکس و انجلز) بانگەشەی ئەم بۆچونە دەکەن، بەڵگەشیان ئەوەیە لەکۆندا وەزیفەی خێزان زۆر فراوان بوە و هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری گرتۆتەوە، بەڵام هێواش هێواش کۆمەڵگە وەزیفەکانی لێ سەندۆتەوە.
نموونەشیان ئەوەیە لەسەردەمی نوێدا دامەزراوەی پەروەردەیی هەن لە ڕووی ئاینی و فکری و ئەخلاقیەوە مناڵ پەروەردە دەکەن، وەک چۆن خوێندنگە و زانکۆکان ئەرکی فێرکردن لەئەستۆ دەگرن، کارگەکانیش کەلوپەل و پێداویستیەکانی تاک دابین دەکەن کە پێشتر خێزان خۆی دابینی دەکردن.
سبنسر دەڵێ خێزان تەنها توێکڵێکە و فشار دەخاتە سەر تاک، ئاندری جێنز فەیلەسوفی فەرەنسی دەڵێ خێزان بەندیخانەیەکی تاکە کەسیە، هەروەها خاوەنی ئاراستەی سۆشیالیستی لەسەروشیانەوە (مارکس و ئانجلز) پێیان وایە کۆمەڵگە چاودێری و خزمەتی یەکسان پێشکەشی مناڵ دەکات، بە ڕای (باکۆنێن) خێزان تاک پاوان دەکات و لە خۆیدا دەیتوێنێتەوە، ڕێ نادات بە ئازادی بژی و ناهێڵێ بەڕووی گۆڕانکاریەکاندا بکرێتەوە، بۆیە ئیتر بونی پێویست نییە.
بۆچونی دووەم:
خاوەنی ئەم بۆچونە دەڵێن کە خێزان بەردی بناغەی کۆمەڵگەیە و دەبێت پارێزگاری لێبکرێت، تاکەکان بەسروشتی خۆیان دەخوازن لەناو خێزان ژیان بکەن، بۆیە ناتوانن بەدەر لە خێزان تەنها ئەندامی کۆمەڵگە بن، وە هیچ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ناتوانێ جێی بگرێتەوە.
(ئۆگەست کۆنت) دەڵێ: کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە خێزانەکان پێک دێت نەک لە تاکەکان، (دۆرکایمیش) دەڵێت: ئێمە لەخێزاندا چێژ لە ژیان وەردەگرین لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن.
ئاینیش بە توندی پشتگیری ئەم بۆچونە دەکات بەو پێیەی هەندێ لە وەزیفەکانی خێزان ناکرێ لەدەرەوەی خێزان مومارەسە بکرێ، وەک وەزیفەی زۆر بون و تێر کردنی غەریزە سێکسیەکان کە لە ڕوانگەی ئاینەوە تەنها و تەنها دەبێ لەناو خێزاندا ئەنجام بدرێت، لێرەوە واز هێنان لە خێزان کۆمەڵگەیەکی ئاژەڵی دێنێتە کایە و یاسای دارستان بەرقەرار دەبێت.
خاوەنی ئەم بۆچونە دەڵێن خێزان ئەگەرچی هەندێ لە وەزیفە تەقلیدیەکانی لەدەست داوە، بەڵام کۆمەڵێ وەزیفەی سەرەکی گرنگی هەن کە ناتوانرێ نکۆڵیان لێ بکرێت وەک وەزیفەی بیۆلۆجی و بەخێوکردن و پەروەردەیی و دەرونی و پاراستن و ڕێنمایی….تد
هەر وەها زانایانی بواری دەرونناسی بونی خێزان بە پێویست دەزانن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی دەرونیی تاک و پێیان وایە گەشەی مناڵ لەناو خێزاندا گەشەیەکی تەندروستە، تەنانەت ئەو دایکانەی بایەخ بەماڵ نادەن بەڵام سۆز و خۆشەویستی زۆر بە مناڵەکانیان دەبەخشن، بۆیە (مارگرێت مید) ژنە زانای ئەمریکی دەڵێت: خراپترینی خێزانەکان باشترن لە خۆشترین دایەنگا و باخچەکانی مناڵان.
لە کۆتاییدا دەپرسین ئایا ئەو دەنگانەی بانگەشەی لەناوچونی خێزان دەکەن و بونی بە پێویست نازانن، دەتوانن پێشبینی ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکەن لە غیابی خێزان چۆن دەبێت؟ وە ئەو مەترسی و دەرهاویشتە نەرێنیانەی کە داڕمانی سیستمی خێزانی بەدوای خۆیدا دێنێ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوری و یاسایی و تەندروستی و ئاسایشەوە چین؟
نووسەر: چیا ئیسماعیل
نظر شما در مورد این مطلب چیه؟