پێغەمبەری میهرەبانی؛ حەقیقەتێک بەدەر لە تۆمەت و دوژمنایەتی.
کەسایەتی پێغەمبەر ﷺ بە درێژایی مێژوو هەمیشە ناوەندی خۆشەویستی باوەڕداران، و لە هەمان کاتدا ئامانجی هێرشی دوژمنان بووە. هەر لە سەرەتای ئەرکەکەیەوە موشریکهکانی قوڕەیش بە تۆمەتی ناڕەوا و بە شاعیر و جادووگەر و شێت و کاهین هەوڵیان دەدا ڕووناکی وەحی بکوژێننەوە. بەڵام ئەو ڕاستییەی کە خودا بەڵێنی دابوو بەسەر هەموو ئەو هەوڵانەدا زاڵ بوو و پێغەمبەری ئیسلام بە قسەی ڕاستگۆ و گەورەیی ئەخلاقی خۆی جیهانی گۆڕی.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لە شێوەی هێرشی ڕۆشنبیری، ناڕوونی میدیایی، یان سووکایەتیکردن بە پێغەمبەر لەڕاستیدا بەردەوامی ئەو دوژمنایەتییە دێرینانە. بەڵام وەک مێژوو نیشانی داوە، ئەم تیرانەش بەر بەردێک دەدەن. جەخت لەوە دەکرێتەوە کە گەورەیی پێغەمبەر لە مێژوو و ئەخلاق و وەحی و شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا بێوێنەیە. خودا خۆی ستایشی پێغەمبەری کردووە و فەرمووی: «بێگومان تۆ نموونەیەکی مەزنی ئەخلاقیت.» گەواهیدانێک کە لەسەرووی هەموو گەواهیدانێکی مرۆڤەوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، دوژمنانی پێغەمبەر هەمیشە ناکۆک بوون. لەلایەکەوە، دانیان بەوەدا ناوە کە موحەممەد جێی متمانەیە.ئەو ڕاستگۆیە و هەرگیز درۆی نەکردووە. بەڵام لەلایەکی ترەوە تۆمەتبارکرا بە درۆکردن لەگەڵ خودا. ئەم دژایەتییە ئاشکرایە بێتوانایی ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان دەردەخات. جێی سەرنجە کە زۆرێک لە بیرمەندانی دادپەروەر و غەیرە موسڵمان دانیان بە گەورەیی پێغەمبەری ئیسلامدا ناوە. زۆرێک لە مێژوونووسان و توێژەران بە گەورەترین چاکساز لە مێژوودا و بلیمەتێکی ئەخلاقی و یاسادانەرێکی بێهاوتا وەسفیان کردووە. ئەم شایەتیانە ئاماژە بەوە دەکەن کە گەورەیی پێغەمبەر سنووری ئایینی تێپەڕاندووە و هەر کەسێکی دادپەروەر کە ژیانی خۆی بخوێنێتەوە دەگاتە ئەو ڕاستییە. لە وەڵامی هەڵە تێگەیشتنە باوەکان سەبارەت بە جیهاد، هاوسەرگیری، یان یاساکانی ئیسلام، ڕوون دەکرێتەوە کە تێڕوانینێکی ڕووکەش و جیاکردنەوەی ئەم بابەتانە لە چوارچێوەی مێژوویی و کلتووری ئەو سەردەمە دەبێتە هۆی هەڵە تێگەیشتن. جیهاد لە ئیسلامدا بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شەڕی دژی ستەم بووە و هەرگیز لایەنێکی دەستدرێژی نەبووە هاوسەرگیریی پێغەمبەر هەر وەها مەبەستی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی هەبوو و زۆرجار بووە هۆی پشتگیری کردنی ژنانی هەتیو یان بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. جێگای خۆشەویستی پێغەمبەر لە دڵی کۆمەڵدا یەکێکە لە خاڵە دیارەکان. خۆشەویستی موسڵمانان بۆ پێغەمبەر تەنها هەستێکی سۆزداری نییە بەڵکوو ڕەگی قووڵی هەیە. بەڵکوو ڕەگی لە باوەڕەوە هەیە. ئەوان ئەویان خۆشدەوێت نەک تەنها وەک ڕابەرێکی ئایینی بەڵکوو وەک مامۆستایەکی ئەخلاقی، نموونەی مرۆڤایەتی، و ناوبژیوانی ڕێنمایی خودا. لەبەر ئەوە هەر سووکایەتییەک بەو وەک برینێکی قووڵ وایە لە ڕوحی باوەڕداراندا ئەم خۆشەویستی و پەرۆشی ئایینییە وادەکات کۆمەڵگای ئیسلامی بەرامبەر بە هەر جۆرە سووکایەتییەک هەڵوێست وەربگرێت و بەرگری لە پێغەمبەرەکەی بکات لە کۆتاییدا بەبیری دەهێنرێتەوە کە باشترین ڕێگا بۆ بەرگری کردن لە پێغەمبەر تەنها دەربڕینی وشەی جوان نییە، بەڵکوو ڕەفتارکردن بەپێی داب و نەریت و ڕەوشتی ئەو دەبێت. ئەگەر موسڵمانان ڕاستگۆیی و متمانە و میهرەبانی و دادپەروەری لە ژیانیاندا بەرجەستە بکەن، ئەوا دەبنە گەورەترین شایەتی بۆ ڕاستی پێغەمبەر. لەوانەیە دوژمنان بتوانن بە قەڵەم و زمان گومان دروست بکەن، بەڵام ناتوانن ئەو ڕاستییە زیندووە بکوژێننەوە کە لە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری باوەڕدارانی پێغەمبەردا دەردەکەوێت. ئیسلام و پێغەمبەرەکەی پێویستیان بە بەرگری ئێمە نییە، چونکە خودا خۆی گەرەنتی پاراستنی باوەڕەکەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەرکی ئێمە پاراستنی ئەم ڕووناکییە خوداییە بە عەقڵ و زانین و کرداری ڕاستودروست. هێرشەکانی دوژمنان دەبێت بەئاگامان بهێننەوە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتن و ڕەوشتی پێغەمبەرانە وەڵاممان بدەنەوە نەک سەرشۆڕی.
نووسەر: محەمەد مەحمودی (سەردەشت)
وەرگێڕ: شیما خزرنژاد
نظر شما در مورد این مطلب چیه؟