ڕاسپێری ئاسمان؛ نەمامێک لە پانتایی خاکی دڵ!
نووسەر: عەبدوڵڵا عەلیپوور
از آسمان برون شو، ای جان دمی ببین
کان سوختن ز عشق بود یا ز آفتاب؟
لە پانتایی مێژووی بانگەوازی بۆ ڕێگەی دینداری، ئەو کەسەی دڵی دڵبەند و هۆگری پەروەرێنی بێهاوتا ئەبێ، نەتەنیا ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی وەک سکاڵا و هاوارێک لە جوولەی سرووشتدا نابینێت، بەڵکوو وەک نەمامێک کە لە خاکی ڕوح چێنراوە؛ نەمامێک کە پێویستی بە کات و دەرفەتە، بە ئاوێ لە چەشنی ئەوین و سەبر و خاکەڕایی لە زێواری دڵنیایی چرۆ دەردەکات.
بێگومان بانگخوازێکی لەو شێوەیە بەدوای بەرهەم و دڵخوازی خۆشڕەودا ناگەڕێت و بەهۆی وڵامی سارد و سڕی بەردەنگانی بێهیوا نابێت؛ لەبەر ئەوە بەڕوونی تێگەیشتووە کە: تەنیا ئەرکی ڕاسپێری و پەروەردەکردن و بەرهەمهێنانی لەژێر دەسەڵاتی پەروەرێنی بێهاوتایە.
لە سەردەمی کتوپڕی پێشهاتەکانی ژیان و بێسنووربوونی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بانگهێشتن بۆ دینداری زیاتر لە هەموو ساتێ پێویستی بە بەرچاوڕوونی، زانست و حیکمەت هەیە؛ لە ژینگەیەک وشەی مرۆڤ بەشێوەیەکی ناخهەژین وەک شمشێر دڵ دەبڕێ، دڵی تینوو لە ڕاستەڕێ دوور دەخاتەوە و تووشی داڕمانی دەکات. ئەوەی ئەمڕۆ ونبووە و خۆڕاکی ڕوحی کۆمەڵەگەیە، ڕاستی نییە و بەڵکوو بوونی کۆمەڵێک بانگخوازی بوێر و دڵنەرم و خاکەڕایە کە: ئاخاوتنی ئەوان بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی مرۆڤ ببێ بە سارێژکردنی برینی دڵ و ڕاماڵینی نەهامەتییەکانی ناو ماڵی دڵی و هۆکاری بووژانەوە و گەشەی ڕوحی بێت، نەک پێچەوانەی.!
ئیمامی غەزالی دەفەرموێ: دەبێ مرۆڤ سنووری خۆی بزانێ، دادوەر ئەرکی جێبەجێکردنی بڕیاردان و بانگخواز ئەرکی ڕێنمایی و بانگهێشتن بۆ چاکسازی.
بانگهێشتی ڕێبازی ئایین، نە گۆڕەپانی کێبەرکێیە و نە وێناکردنی شانۆی سەرشەقام؛ بەڵکوو پەیام و برووسکەی ئاسمانییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە کانیاوی دڵسۆزی و باوەڕ و جوامێری هەڵقوڵاوە.
لەم ڕێگایەدا، هەر وشەیەک کە لە خاکەڕایی، هەر ڕوانینێک لە خۆشەویستی و هەر هەنگاوێک لە دڵنیاییەوە، تۆوێکە کە لە خاکی دڵەکاندا چێنراوە؛ تۆوێک کە ڕەنگە درەنگ چرۆ بکات، بەڵام بێگومان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا گەشە دەکات و سەر هەڵدەدا.
بانگخوازی بۆخوا سوڵحاو، لەبڕی هەژماردنی وەڵامی بەردەنگ، دڵ بە هیوا و هومێد و بەڵێنی خوا دەسپێرێ و لەبڕی پەلە و سەرسووڕمان لە ئاکام و بەرهەمی بانگەوازی، بیر لە ئارامی و شێوازی چاندنی ڕەگ و ڕیشەی ئیمان دەکاتەوە.
بەڵێ، بێگومان بانگخوازێکی بە ئەزموون دەزانێت لە ڕێڕەوی پەروەردە لەناو بازنەی دینداری شتێ بەناوی خێرایی واتای نییە، بەڵکوو بنچینە و بنەماکەی دڵسۆزی و خاکەڕایی و پێداگرییە؛ لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەم و دڵخوازی بە ژمارە نییە، بەڵکوو لە قووڵایی دڵ و شوێنکەوتووی ڕاستەقینەی ئەودا دێتە هەژمار. بانگخوازی بۆ ڕێگەی خوادۆستی، وەک چرایەکی پڕشنگدار لەناو دڵی تاریکی ترووسکە ئەدا، کاتێ خاکەڕایی و ڕەوشتبەرزی و سەبر هەوێنی ئەم ڕێگەیە بێت.
مەولانا دەفەرموێ:
با دل مردم مدارا کن، کە دلها خانەی حقاند
در دل هر بندەای، نوری ز جان حقاند
ڕوانینی لەم چەشنە بانگخواز لە دادوەری و سووکایەتی لەحاند دەورووبەری دوور دەخاتەوە و لەناو بازنەی ڕێز و حورمەت کۆی دەکاتەوە.
حاشا لەوە ناکرێ کە بانگەوازی بۆ ڕێگەی دینداری ڕێڕەوێ بە پانتایی وچەی مرۆڤایەتییە و پێوانەی بانگەوازی بە ڕۆژ و مانگ نییە؛ بەڵکوو بۆ پەرەپێدانی ئەرک و چالاکی دوورمەودا لە مانگ و ساڵ دەڕوانێ.
بانگخوازی ڕێگەی خوا دەزانێت ڕێنوێنی دینداری ڕێگایەکی ئەستەم و پڕ لەژانەسەرە و هێندێ جار بێدەنگی زاڵ دەبێ بەسەر ڕێگەی خواویستی، بەڵام لەسەر ئەم ڕێگایە سەبر و خۆڕاگری واتای کزی و لاوازی نییە، بەڵکوو دەرکەوتنی باوەڕ و ئیمانە. ڕەوشتی بانگخواز لێرە وەک باخەوانێک وایە لەبڕی ئەوەی پەلە بکات بۆ بەرهەمی کشت و کاڵی، دڵ ئەدا بە پرۆسەی گەشەی داهاتووی نەمامێ لە دڵی خاک.
بانگەوازی بانگهێشتن بۆ ڕێگەی خوا؛ بەرهەمی دڵسۆزی و پێداگری و خاکەڕاییە، نەک پەلەکردن. بانگخوازی ڕێبازی دین دەبێت بزانێت ڕێگای ڕێنموونی ڕێگەی سەبر و دڵنیاییە؛ نەک ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی دەسبەجێ، بەڵکوو گەشتێکە بۆ چاندنی نەمامی بۆنخۆش کە لە کاتی خۆیدا چرۆ دەکات.
بێگومان ڕاستی و ڕاستگۆیی، ڕوانینی دڵبزوێن، ئەگەر ئەمڕۆ لەناو دڵەکاندا نەڕوێت، ڕۆژێک دێت ئاکام و بەرهەمی بێتە دیی و ئەگەر لەم نەوەیەدا نەبێت، ئەوا بێگومان لە نەوەی داهاتوودا کە هێشتا چاویان بەڕووی جیهاندا واڵانەبووە هەر دێتە دی.
نظر شما در مورد این مطلب چیه؟